بەجێهێشتنی نەخۆشخانە

پزیشكەكەت بڕیار دەدا كە كەی ئامادە دەبی بۆ جێهێشتنی نەخۆشخانە، هەروەها پزیشك و پەرستارەكەت گفتوگۆت لەگەڵ دەكەن و ئەوەت بۆ ڕوون دەكەنەوە كە لە ماڵەوە پێویستیت بە چی دەبێت و چ جۆرە یارمەتییەكت پێویست دەبێ، هەروەها كۆپییەكی پوختەی بارودخی نەخۆشییەكەت پێ دەدەن. ئەم زانیارییانە لە پێش دەرچوونت، گرەنتی ئەوە دەكات كە بە ئاسوودەیی بچیتەوە ماڵەوە و لە پڕۆسەی چاكبوونەوە بەرەوپێش بچیت. ئەگەر هەر جۆرە ترسێكت لە دەرچوون لە نەخۆشخانە هەیە، ئەمە لەگەڵ پزیشك یان پەرستارەكەت باس بكە.

دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنەكانی دەرچوونت لە نەخۆشخانە، هەر ئەو ڕۆژە ژوورەكەت بۆ ئەو نەخۆشە ئامادە دەكرێت كە دوای تۆ دێتە ئەم ژوورە و پێشتر حیجزی كردووە. پێشنیار دەكەین لەگەڵ یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەت یان هاوڕێیەكت، ڕێكاری پێویست بۆ چوونە دەرەوە و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بگەرنەبەر.

پێش دەرچوونت لە نەخۆشخانە، پێویستە پارەی ئەو خزمەتگوزارییانە بدەی كە لەمیانەی مانەوەت لە نەخۆشخانە پێشكەشت كراون. دەتوانی لە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دەرچوونت ئەم كارە بكەیت و بۆ ئەم مەبەستە بچیتە نووسینگەی ئەمینداری سندوق، كە دەكەوێتە دەروازەی سەرەكیی نەخۆشخانە.

ئەو نەخۆشخانەی پێویستیان بە هەر كەلوپەلێكی تەندروستیی نەخۆشخانەیە بۆ ئەوەی لە ماڵەوە بەكاری بێنن، دەتوانن بەگوێرەی هەبوونی ئامێرەكە لە نەخۆشخانە بە شێوەی خوازە وەری بگرن. بۆ ئەم خزمەتگوزارییەش پارەیەكی ڕەمزی وەردەگیرێ. بۆ زانیاریی زیاتر، داوا لە پەرستاری چاودێرت بكە تاكو پەیوەندی بە كارگێڕییەوە بكات و كاروبار و هەماهەنگی و ئاسانكاریت بۆ بكات و هەموو ئەو داواكارییانە جێبەجێ بكات كە بەر لە دەرچوونت پێویستت پێیانە.

هەموو نەخۆشێك مافی ئەوەی هەیە بڕیاری تایبەت بە تەندروستی و چاودێریی تەندروستیی خۆی بدات، ئەمە قبووڵكردن و ڕازیبوونیشی لەسەر چارەسەری و جێهێشتنی نەخۆشخانە بە پێچەوانەی ڕاوێژی پزیشك دەگرێتەوە. بە هەر حاڵ، ئەگەر ئەم بڕیارەت دا، ئەو شتانەت بۆ ڕوون دەكرێتەوە كە پەیوەستن بە بڕیارەكەتەوە و داوات لێ دەكرێ واژوو لەسەر نموونەی ئەستۆپاكی بكەی، ئەمەش لە تۆمارە تەندروستییەكەت دادەنرێ. هەروەها لەوێدا ئەو ئەگەر و پێشبینیانەش دەخرێنەڕوو، كە ڕەنگە بە هۆی بڕیارەكەتەوە ڕوو بدەن.

ئەگەر پێویست بێت، پەرستارەكە وادەی سەردانكردنەوەت لە بەشی نۆڕینگە دەرەكییەكان بۆ ڕێك دەخات. وادەی سەردانكردنەوەت لەسەر كارتی وادەكان تۆمار دەكرێت و لە كاتی دەرچوونت لە نەخۆشخانە پێت دەدرێت.

پەرستارەكەت ئەو وەسفەیەی داوودەرمانت پێ دەدات كە پێویستە لە ماڵەوە بەكاریان بێنی. ئینجا دەتوانی داوودەرمانەكە لە دەرمانخانە بكڕیت، كە دەكەوێتە تەنیشت دەروازەی سەرەكیی نەخۆشخانەكە و نزیك نووسینگەی ئەمینداری سندوق، كە دەتوانی هەر لەوێ پارەكە بدەی.

ئەگەر پێویست بوو، خزمەتگوزاریی كورسی جووڵاو هەیە بۆ یارمەتیدان و گواستنەوەت لە ژوورەكەتەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێڵ. پەرستاری سەرپەرشتیار دەتوانێ ئەم كارەت بۆ ڕێك بخات. هەروەها دەتوانی بە فەرمانبەرانی كارگێڕی بڵێی كە كارگوزارێكت بۆ بنێرن، بۆ گواستنەوەی كەلوپەلە تایبەتییەكانت بۆ ناو ئۆتۆمبێڵ.